
کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر

بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێندرا
بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی دەرەوەی وڵات لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزرێندرا.
یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ پشتگیرییکردنی فێربوون و خوێندنی زمانی کوردی بۆ منداڵانی کوردانی تاراوگە لە (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر) واژۆکرا.
بەسوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا لەناو (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر)ەوە مامۆستای زمانی کوردی دابنیکراوە، لە کۆتایی پرۆسەی فێربوون بڕوانامەی سەنتەری زمانی (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر) یان پێدەبەخشرێت کە پەسەندکراوی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ڕۆژی سێشەممە ٤ی ٣ی ٢٠٢٥ بە ئامادەبوونی بەڕێزان شیفا بارزانی و ئالان حمەسعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک و ئەندامانی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر) واژۆکرا . لەم یاداشتەدا وەزارەتی پەروەردە هەنگاوی گرنگ مێژوویی دەنێت لەگەڵ کۆنفیدراسیۆندا :
١- هەموو ئەو قوتابخانانەی دەرەوەی وڵات کە بە خۆبەخشی کار دەکەن بۆ فێربوونی زمانی کوردی بە منداڵانی کورد لە تاراوگە ، دەتوانن لەگەڵ کۆنفیدراسیۆن پەیوەندی بکەن بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە ساڵانە کتێبی خوێندنی زمانی کوردیان بۆ بەچاپ بگەیەنێت و بۆیان پۆست بکات لەسەر ئەرکی حکومەت.
٢- هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندنی دەرەوەی وڵات دەتوانن داتای مامۆستا و قوتابیانیان پێشکەشی وەزارەت بکەن لەرێگەی کۆنفیدراسیۆن و دەخرێنە ناو سیستمی دیجیتاڵی وەزارەتی پەروەردە و کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنیان پێدەدرێت و دەتوانن سوودمەند بن لە هەموو خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکانی وەک وانەی ئەلیکترۆنی ( ئی - وانە) و ( ئی - ڕاهێنان / بۆ ڕاهێنانی مامۆستایان) و ( ئی - خێزان/ بۆ ڕێنمایی خێزان ) و ( ئی - کتێبخانە/ کتێبخانەی ئەلیکترۆنی وەزارەتی پەروەردە) و ( ئی - هەڵسەنگاندن : ئەپڵیکەیشنی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەرکی ماڵەوە و بینینی نمرە و هەڵسەنگاندن و خشتەی وانەکانی خوێندن ) و هەر خزمەتگوزارییەکی دیکەی دیجیتاڵی وەزارەت کە دەتوانن لێی سوودمەند بن .
٣- بەسوود وەرگرتن لە تەکنەلۆژیا لەناو (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر)ەوە مامۆستای زمانی کوردی دابنیکراوە بۆ هەر ئازیزێکی دانیشتووی تاراوگە کە بیەوێ فێری زمانی کوردی بێت و لەوکاتانەی کە خۆیان دەیانەوێت و بواریان هەیە هەماهەنگییان لەگەڵ دەکرێت و منداڵەکانیان فێری نوسین و خوێندنەوە و قسەکردن دەکرێن بە زمانی کوردی ، لەم بوارەدا خوێندنی زمانی کوردی بەشێوەزاری سۆرانی و بادینی و پیت و ڕێنوسی لاتینی دەبێت بە گوێرەی (شێوەزاری دایک) ی خوازیار بۆ بەشدار بوون .
٤- هەموو قوتابیانی ناو قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات ، ئەوانەی ڕووبەڕوو لەو قوتابخانانە دەخوێنن و ئەوانەی بە شێوازی ئۆنلاین خۆیان تۆمار دەکەن و قوتابخانەی نزیک شوێنی نیشتەجێبونیان نیە ، لە کۆتایی پرۆسەی فێربوون بڕوانامەی سەنتەری زمانی (کۆمەڵگەی پەروەردەیی بارزانیی نەمر) یان پێدەبەخشرێت کە پەسەندکراوی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
٥- وەزارەتی پەروەردە بۆ هەموو مامۆستایانی قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات ؛ ڕاهێنانی ئۆنلاین و ئەلیکترۆنی ئەنجامدەدات و بڕوانامەی ئەو بوارەیان پێدەبەخشێت.
وێرای سوپاس بۆ بەخشش و خزمەتە بێوێنەکانی پەروەردکارانی دەرەوەی وڵات کە ساڵانێکی زۆرە کۆشش دەکەن کە نەوەی دووەم و سێیەمی کوردانی دیاسپۆرا فێری زمانی دایک بکەن و بە خۆبەخشانە و لەسەر ئەرکی خۆیان چەندین خزمەتیان پێشکەش کردووە ، ئێستا پێیان دەڵێین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستبار و پشتیوانتان دەبێت و ئەم پرۆسەیە بە دامەزراوەیی دەکات و خزمەتگوزاری جۆراوجۆرتان پێشکەش دەکات ، و داواکارم لە قوتابخانەکانی دەرەوەی وڵات کە پەیوەندی لەگەڵ کۆنفیدراسیۆن بکەن بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە پەیوەندیەیان بۆ بەئەنجام بگەیەنین .






